باشترین ڕەهەندەکانی دیجتاڵ مارکێتینگ

٥ له‌ باشترین ڕەهەندەکانی دیجتاڵ مارکێتینگ

بێگومان لە جیهانی ئەمڕۆماندا ڕۆژانە خەڵکانێکی زۆر بوونیان هەیە خەریکی کاری کڕین و فرۆشتنن، لە کۆپڕۆسەی کڕین و فرۆشتن دا ئەگەر جارێک کرداری کڕین قورس بێت و پێویستی ڕاوێژ و گەڕانی باش و کۆکردنەوەی زانیاری…هتد هەبێت، ئەوا بەدڵنیایەوە بە چەندان جار فرۆشتن کردارێکی قورسترە، وە لە جیهاندا ڕۆژانە بە سەدان و هەزاران کۆمپانیا و دوکان توشی زیانی گەورە دەبنەوە، کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیان ساغ نەبوونەوەی کاڵا و خزمەتگوزاریەکانیانە.

پێموایە لەگەڵمدا هاوڕای کە یەکێک لە ڕێگا سەرەکییەکانی ساغکردنەوەی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان ڕیکلامکردنە.

جا ئەگەر ڕیکلامکردن لە سەردەمانێک دا بەڕێگای گواستنەوە زارەکی دەما و دەم بووبێ، دواتر گواسترابێتەوە بۆ تیڤی و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و گۆڤار…هتد، وە یاخود بە پێچەوانەوە بووبێ.

بە پێی سەردەمەکان جیاواز بووە، واتە هەر سەردەمێک خەڵکی چی زۆر بەکاربهێنن وەکو ناوەندێکی پەیوەندیکردن و گەیاندنی پەیام ئەوا ئەم ناوەندە دەبێتە ناوەندێکی باش بۆ ڕیکلامکردن.

وە لە سەردەمی ئەمڕۆمان دا بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆتە بەشێک لە ژیانمان دا بە جۆرێکە، کە ناتوانین دەست بەرداریان ببین، وە تەکنەلۆژیا سنورێکی بەرفراوانی داگیرکردووە لە ژیانی ڕۆژانەمان دا، کە هەموو جیهان کۆبۆتەوە لە شاشەیەکی لاکێشەیی بچوک کە مۆبایلەکانمانە.

دیاترین سودەکانی دیجتاڵ مارکێتینگ:

۱. ڕێگایەکی چاکە بۆ ناساندنی بڕاندەکەت

لە جیهانی ئەمڕۆ دا سەردەمی ئەوە بەسەرچوە تۆ چاوەڕێ بکەی کڕیار خۆی بێت بگەڕێت بەدوای کاڵا و خزمەتگوزاریەکان، بەڵکو ئەم پڕۆسەیە پێچەوانە بۆتەوە ئەگەر تۆ بڕاندەکەت یا کاڵا و خزمەتگوزاریەکەت نەناسێنی بە خەڵکی و بەدوای کڕیار دا نەگەڕێی لە ڕێگەکانی ڕیکلامکردن و سۆشیاڵ میدیاوە ، ئەوا من دڵنیات دەکەمەوە لە ئێستا دا خەڵکی تر خەریکی ئەم کارەن وە خستنەڕوو ئەنجامدەدەن بۆ بەرهەمەکانیان، وە بەشێک لە خواستی کڕیارەکان پڕدەکەنەوە کە ڕەنگە کڕیارەکانی تۆ بن!

۲. ڕێگایەکی ئاسانە بۆ گەیشتن بە کڕیار

بێگومان لەکۆندا خستنەڕووی بەرهەم و ڕیکلامکردن کارێک بوو دەکرا، بەڵام ئاسان نەبوو زانیاریت دەست بکەوێ لەبارەی ئەوکەسانەی ئەگەری هەیە ببنە کڕیاری بەرهەمەکانت، بەڵام یەکێک لە سودە هەرە گرنگەکانی دیجیتاڵ مارکێتینگ ئەوەیە خۆت کات و شوێن و تەمەنی بەشداربووان لە ڕیکلامەکان دیاری دەکەی، بە واتایەکی تر ڕیکلامەکەت ناچێتە بەردەستی هەموو کەسێک، بەڵکو زیاتر دەچێتە بەردەستی ئەوانەی ئەگەری هەیە ببنە کڕیاری بەرهەمەکانت، کە ئەمەش ئامانجێکی گرنگی ڕیکلامکردن دەپێکێ.

۳. هەڵسەنگاندان و وەرگرتنی داتا لەبارەی جۆری کڕیارەکانت

یەکێک لە گرنگترین بەهاکانی ڕیکلامی ئۆنڵاین زۆر بە ئاسانی داتا و زانیاریت دەست دەکەوێ لەبارەی کاریگەری ڕیکلامەکەت، وە دەزانی کاریگەری ڕیکلامەکەت لە چ ئاستێک دایە، وە زۆر بەئاسانی دەتوانی پەیوەندی لەگەڵ کڕیارەکانت ببەستی دەستت بگات بە خواست و پێشنیاز و بۆچونەکانیان لەبارەی بەرهەمەکەت کە ئەمەش ئامانجێکی گرنگی ڕیکلامکردنە.

٤. ڕاستکردنەوەی هەڵە و کەموکوڕیەکانی ئاسانە،

بێگومان لە ڕێگا کۆنەکانی ڕیکلامکردن هەڵە و کەموکوڕی لە ڕیکلامەکە دا چاکردنەوە زۆر قورس بوو بگرە هەندێ جار هەر نەدەکرا بە نمونە ژمارەی مۆبایل هەڵەی تێدا کرابا لە ڕیکلامێک دا لە گۆڤارێک دا کە چەند هەزار دانەکی لێ چاپکراوە!
بەڵام لە ئێستا دا لەڕێگای ڕیکلامکردنی ئۆنڵاین لە ڕێگای چەند کلیکێک دەتوانرێ زۆر بە ئاسانی چاکبکرێتەوە.

٥. تێچوی زۆر کەمە لەچاو ڕێگانی تری ڕیکلامکردن

بێگومان لەگەڵمدا هاوڕای کە لە مارکێتینگدا هەمیشە هەوڵدەدرێ کەمترین تێچوو ئەنجام بدرێ بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین فرۆشی بەرهەم، ڕێگا کۆنەکانی ڕیکلامکردن بەوە بەناوبانگیان دەرکردبوو کەتێچویان زۆر بوو، بۆیە ئەو کۆمپانیا و دوکاندارانەی داهاتیان کەمبوو بێبەش بوون لە ڕیکلامکردن و کێبڕکێکردن، بەڵام کەمی تێچوی ڕیکلامی ئۆنڵاین گۆڕانکاری چاوەڕوان نەکراوی بەسەر ئەم پڕۆسەیەدا هێنا.

کوردۆ مستەفا
مارکێتینگ لە کۆمپانیای جیاساز

Tagged : / / /