بۆچی پێویست ده‌كات هه‌موومان له‌كاری فرۆشتن شاره‌زابین؟ ته‌نانه‌ت منیش؟

 بۆچی پێویست ده‌كات هه‌موومان له‌كاری فرۆشتن شاره‌زابین؟ ته‌نانه‌ت منیش؟ به‌ڵێ تۆش.

كاتێك كه‌وا گوێت له‌ وشه‌ی فرۆشیار ده‌بێت، یه‌كه‌مین وێنه‌ی كه‌ به‌مێشكت دادێت چیه‌؟

با من بۆت باس بكه‌م، دوكاندارێك كه‌وا كۆمه‌ڵێك كه‌لوپه‌ل ده‌فرۆشێت و كڕیاره‌كان ده‌ڕۆن بۆلای و شتی لێده‌كڕن، وێنه‌كه‌ وایه‌؟

گه‌ر ئه‌م وێنه‌یه‌ هاتۆته‌ مێشكت، ئه‌وا تۆ كه‌موكوڕیت هه‌یه‌ له‌ تێگه‌یشتن له‌و وشه‌یه‌، چونكه‌ كرداری فرۆشتن تایبه‌ت نییه‌ ته‌نها به‌ دوكانداره‌كان.

ڕاسته‌ ئه‌وان كاری فرۆشتن ده‌كه‌ن، به‌ڵام تاكه‌ فرۆشیار ئه‌وان نین.

ئه‌ی باشه‌ فرۆشیاری ڕاسته‌قینه‌ كێییه‌؟

به‌گشتی فرۆشتن  ته‌نها تایبه‌ت نییه‌ به‌ فرۆشتنی كاڵا، زۆر كه‌س هه‌ن خزمه‌تگوزاری ده‌فرۆشن ، وه‌ك: شوفێری ته‌كسی، پاس، بۆیاغچی، وه‌ستا، پزیشك، مامۆستا.

ڕه‌نگه‌ بڵێیت چی چی؟!! پزیشكیش كرداری فرۆشتن ده‌كات؟ ته‌نانه‌ت مامۆستاش؟

ده‌ڵێین به‌ڵێ بێگومان، چونكه‌ پزیشك چاره‌سه‌ر ده‌فرۆشێت به‌ نه‌خۆشه‌كانی و مامۆستاش وانه‌ و زانست.

هه‌رگیز سه‌رنجت داوه‌ له‌وه‌ی كه‌وا پزیشكێك له‌ پزیشكێكی تر نه‌خۆشی زیاتر و نۆڕینگه‌كه‌ی قه‌ره‌باڵغتره‌؟ كه‌ له‌كۆتایدا داهاتیشی زیاتره‌.

باشه‌ بۆ؟

ئایا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پزیشكێكی باشتره‌؟

بێگومان ده‌ڵێیت به‌ڵێ .

به‌ڵام با من لێت بپرسم: له‌چی باشتره‌؟

ته‌نها له‌ زانستی چاره‌سه‌ركردن،  یاخود له‌ ئه‌ته‌كێتی خوێندنه‌وه‌ی نه‌خۆش و ڕاگرتنی باری ده‌روونی نه‌خۆش ؟

یانیش له‌ پێدانی چاره‌سه‌ری گونجاو و پێدانی كاتی زیاتر به‌ نه‌خۆش؟

 

تۆش چه‌ند خاڵێك بژمێره‌ جگه‌ له‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌، چونكه‌ بێگومان زۆرن جیاوازی پزیشكی سه‌ركه‌وتو له‌گه‌ڵ پزیشكی ئاسایی.

به‌ڵام نهێنیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌:

پزیشكی سه‌ركه‌وتوو، فرۆشیارێكی سه‌ركه‌وتووه‌.

_______________

گه‌ر بێینه‌ سه‌ر مامۆستاش به‌هه‌مان شێوه‌، مامۆستای وا هه‌یه‌، كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ به‌ناوبانگترین قوتابخانه‌ی ئه‌هلی به‌پاره‌یه‌كی باش دایده‌مه‌زرێنن، زۆرترین داوای له‌سه‌ره‌ بۆ وانه‌ی تایبه‌ت.

باشه‌ به‌چی ده‌چێت گه‌ر مامۆستایێك پڕ زانست بێت، به‌ڵام شێوازی فرۆشتن(گه‌یاندنی زانیاری) نه‌بێت بۆ قوتابییه‌كانی؟

گه‌ر مامۆستاكه‌ قسه‌ ڕه‌ق و بێ منه‌ت بوو؟

گه‌ر پابه‌ند نه‌بوو به‌ به‌ڵێن و مه‌وعیده‌كانی؟

گه‌ر مامۆستاكه‌ نه‌یتوانی هه‌نگاو به‌هه‌نگاو له‌ قوتابیه‌كه‌ی نزیك بێته‌وه‌ و به‌گوێره‌ی كه‌سایه‌تی قوتابیه‌كانی وانه‌كه‌ی باس بكات؟

ئایا به‌ده‌ر له‌م خاڵانه‌، مامۆستا ده‌بێته‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتووه‌ی كه‌ وتمان؟

________________

ئه‌م قسه‌یه‌ ڕاسته‌ ته‌نانه‌ت بۆ دایك و باوكیش، كاتێك ده‌یانه‌وێت شتێك به‌ منداڵه‌كه‌یان ئه‌نجام، جا خواردن پێدان یاخود فێركردنی شتێك یان باوه‌ڕهێنان به‌ منداڵ له‌ نه‌كردنی شتێك.

ئه‌مانه‌ هه‌مووی كرداری فرۆشتنن، تۆ ده‌بێت خواردنه‌كه‌ت به‌ منداڵه‌كه‌ت بفرۆشیت (واته‌ قه‌ناعه‌تی بۆ دروست بكه‌یت تا بیخوات).

مه‌رج نیه‌ له‌ كۆتایی فرۆشتنه‌كان پاره‌ هاتوچۆ بكات.

ئه‌م بابه‌ته‌ی كه‌وا تۆش تا ئێره‌ خوێندیته‌وه‌، كرداری فرۆشتن بوو، ئێمه‌ متمانه‌مان به‌ تۆ فرۆشت كه‌ وای كرد تا ئێره‌ به‌رده‌وام بیت و بیخوێنیته‌وه‌.

له‌ كۆتاییدا ده‌مانه‌وێت بڵێین ، فرۆشتن بۆ تۆش ڕاسته‌، تۆش فرۆشیاریت.

گه‌ر فرۆشیار نه‌بیت ، بێگومان كڕیاریت، ئه‌وه‌ش بزانه‌ كه‌ هه‌میشه‌ فرۆشیار براوه‌تره‌ له‌ كڕیار چونكه‌ كۆنتڕۆل به‌ده‌ستی ئه‌وه‌.

 

 ئه‌ندازیار ڕابه‌ر كه‌ریم

كۆمپانیای جیاساز بۆ خزمه‌تگوزاری و چاره‌سه‌ری ته‌كنه‌لۆجی

 

له‌م بابه‌ته‌ش خاسیه‌ت و شاره‌زاییه‌كانی فرۆشیاری سه‌ركه‌وتوو بخوێنه‌وه‌

١٠١ ڕێگا بۆ فرۆشتن كه‌ ده‌تكات به‌ فرۆشیارێكی (مندوبێكی) سه‌ركه‌وتوو:بەشی یەکەم

 

Tagged : /